ماڵئاوا ئەی ڕۆژانی خۆشبەختی ئەی ژینی نێو تەمی یادگاری ئەی هەردەم ئەندێشەی سۆز و ئاڵ ...ماڵئاوا لە خەونی پرشنگ و کاڵ من ئەڕۆم پاشماوەم تەنیا ئەشکە بۆ ئەم گەردوونە سەرلێشێواوە بۆ مرۆڤ، بۆ ویژدان، هەموو کەوتن هیچ شتێک کە وەک خۆی نەماوە بۆ ئەمڕۆی نەسرەوتی خەمی پاییز ماڵئاوا ئەی کەوتنی گەڵاکان لەبۆ دوا گۆرانی عەشقی پاییز سبەینێ کەوتنی بەهاکان بۆ کۆچی ئەو باڵندە سپییانەی کە فڕینیان لەبیرچۆتەوە بۆ ئەسرینی ئەو دووچاوانەی بەناو مەینەتی و خەمدا کەوتەوە ئەڕۆم و لە دوو چاوی خۆمەوە مەینەتی تەمەنم ئەبینم ئەڕۆم و بە دڵی ناچاری هەڵچوونی ناخم دائەمرکێنم ڕێگام دوور ئاسۆم سوور هەگبەم بەتاڵ نزرگەم نادیارە و دوا ڕۆژم تاڵ هەر بە تەنیا گۆرانی خەم ئەچڕم بۆ نەهامەتی و ڕێگای چەند ساڵ خۆری دەم کەناری ئاوابوونم خستە قووڵایی ئەندێشەمەوە لەژێر درەختێکی ڕووتەڵەدا پاییزی بێداریم ببینمەوە خۆری سوور ئاوا بوو خەونم وەری بەچەشنی گەڵای زەردی پاییز وەک شەپۆلەکانی ئەو کەنارەی کە وونبوو تیایا خۆری ئازیز